سێنتکۆم: ئاراستەی 62 کەشتیی پەیوەست بە ئێرانمان گۆڕیوە و 3 کەشتیشمان پەکخستووە


وێستگەنیوز ـ

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا سێنتکۆم ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەریای عەرەب، ڕێگرییان لە دەیان کەشتی کردووە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە.

ئەمڕۆ هەینی 14ـەی ئابی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە دەریای عەرەب بە ئامانجی سەپاندن و جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران چڕکردووەتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا، هێزەکانیان دەستوەردانیان لە دۆخی دەیان کەشتیی بازرگانیدا کردووە کە گومانی پەیوەندییان بە ئێرانەوە لێکراوە.

سێنتکۆم ئاماری چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، تا ئێستا دەست بەسەر ئاراستەی 62 کەشتیی جیاوازدا گیراوە و ڕێڕەوەکەیان گۆڕدراوە، لە هەمان کاتدا 3 کەشتیی دیکەش بە تەواوی لەکار خراون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوەش کردووەتەوە، کەشتیگەلە جەنگییەکانیان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی کەشتیوانی کە پەیوەندیدار بێت بە ئێرانەوە، ئەوەش وەک بەشێک لە ستراتیژی واشنتن بۆ ڕێگری لە شکاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.


PM:08:49:14/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت