ئەردۆغان: رێککەوتننامەی مەککە ئەرکی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا گرتووەتە ئەستۆ
وێستگەنیوز-
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وردەکاریی نوێی سەبارەت بە "رێککەوتننامەی مەککە" خستە ڕوو و رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا گرتووەتە ئەستۆ.
ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرق ئەوسەت" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەنگاوە مێژووییەی لەلایەن 3 وڵاتی گرنگی ناوچەکە (تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و پاکستان) نراوە، لەسەر ئەو بنەمایە داڕژاوە کە دەبێت کێشەکانی ناوچەکە لەلایەن ئەکتەرە خودییەکانی ناوچەکەوە چارەسەر بکرێن، وتیشی: "ئەم هاوپەیمانییە بەرجەستەی ئەو تێگەیشتنە دەکات کە ئاسایشی یەکێک، ئاسایشی هەمووانە".
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی رێککەوتنەکە بەهێزکردنی "رێگریی بەرگرییە" و دەرگای ئەم چوارچێوەیەش بۆ هەموو ئەو وڵاتە برایانە واڵایە کە خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرین. روونیشیکردەوە کە دیدگای ئەوان بۆ داهاتوو ئەوەیە، لە کۆتاییدا سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە لەژێر یەک سەقفدا کۆببنەوە.
ئەردۆغان رەتی کردەوە ئەم رێککەوتنە دژی هیچ لایەن یان وڵاتێکی دیاریکراو بێت و رایگەیاند: "ئێمە هیچ وڵاتێک ناکەینە ئامانج؛ تەنها مەبەستمان پەرەپێدانی ئاشتی و خۆشگوزەرانییە بۆ گەلانی ناوچەکە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری تورکیا هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێی هاوکاری و هاوپشتی لە ناوچەکەدا و رایگەیاند، پابەندن بەوەی هەمیشە ئەم دەرگایە بە کراوەیی بهێڵنەوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی گشتی.
PM:12:05:12/08/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت