ئیسماعیل بەقایی: تا گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، بارودۆخی گەرووی هورمز ئارام نابێت
وێستگەنیوز-
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین هەڵوێستەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان روونکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاردان لەسەر هەر بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی دەبێت.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، بەقایی رایگەیاند، داخستنی گەرووەکە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە و تا ئەو کاتەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، بارودۆخ بۆ ئارامبوونەوەی ئەو رێڕەوە فەراهەم نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە کردنەوەی گەرووی هورمز مەرجدار کراوە بە راگرتنی کردەوە نایاساییەکانی ئەمریکا و هەڵگرتنی گەمارۆکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان. وتیشی، ئێستا لەگەڵ عومان سەرقاڵی داڕشتنی سازوکاری نوێن بۆ چاودێریکردنی هاتووچۆی سەلامەت و پاراستنی ژینگە لەو ناوچەیەدا.
لە لایەکی ترەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتۆن هەبێت و وتی: "پەیوەندییەکان تەنها سنووردارن بە ئاڵوگۆڕی پەیام لە رێگەی ناوەندگیرەکانەوە"، جەختیشی کردەوە کە هەر بڕیارێک لە سیاسەتی دەرەوەدا بدرێت، لەژێر چاودێری وردی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەبێت.
سەبارەت بە بەڵگەنامەی دەریای خەزەر کە لە ساڵی 1397 واژۆ کراوە، بەقایی ئاشکرای کرد کە دوای لێکۆڵینەوەی دامەزراوەکان، ئێستا بڕیاری کۆتایی رەوانەی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی (پەرلەمان) کراوە. روونیشیکردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم بەڵگەنامەیە پێویستی بە پەسەندکردنی هەر 5 وڵاتە کەناراوەکە هەیە و ئارەزووی وڵاتانی تریش بۆ خێراکردنی پرۆسەکە کارێکی سروشتییە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە بەشداری وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و وتی، هێشتا بڕیاری بنبڕ لەسەر ئاستی شاندەکە نەدراوە، بەڵام وەک ساڵانی رابردوو ئێران ئەو دەرفەتە بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستە رەسمییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، هەروەها ستایشی پەیمانی 3 قۆڵی نێوان پاکستان، سعودیە و تورکیای کرد وەک نیشانەیەک بۆ گۆڕانکاری لە تێگەیشتنی وڵاتانی ناوچەکە بۆ پرسی ئاسایش.
AM:10:57:10/08/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت