ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس: ئێران گرەو لەسەر "بێزاربوونی" ترەمپ دەکات


وێستگەنیوز –

سەرکردەکانی ئێران وا هەست دەکەن سەرکەوتنیان نزیکە و گرەو لەسەر فاکتەری کات دەکەن، ئەوان چاوەڕێن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ململانێکان بێزار بێت و ناچار بێت مەرجەکانی تاران قبوڵ بکات.


ئەمڕۆ دووشەممە 10ـەی ئابی 2026، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی گوشاری سەربازییەوە ئەمریکا ناچار بکات کۆنترۆڵی تاران بەسەر گەرووی هورمزدا قبوڵ بکات.

تاران پێی وایە کات لە بەرژەوەندی ئەواندایە، چونکە داخستنی ئەو گەرووە گرنگە، نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بە بەرزی دەهێڵێتەوە و ئەمەش لە کاتی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی 11ـەدا، فشارێکی گەورە بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ دروست دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران هۆشداری داوە کە ئەگەر زوو ڕێککەوتن نەکرێت، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و پشێوی ناوخۆیی بەهۆی خراپی گوزەرانەوە لە ئارادایە.

تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، چەند مەرجێکی قورسی داناوە، گرنگترینیان:

کۆتاییهاتنی هەمیشەیی جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

لادانی هەموو گەمارۆکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.

قەرەبووکردنەوەی تاران بۆ ئەو زیانە ئابوورییانەی لە جەنگدا بەری کەوتووە.

سەرەڕای ئەم فشارانە، دۆناڵد ترەمپ پێشتر بە ڕوونی ڕایگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات یان باج بخاتە سەر هاتوچۆی کەشتییەکان، ئەمەش وای کردووە ململانێی نێوان هەردوولا وەک "قومارێکی مەترسیدار" دەربکەوێت کە هێشتا کۆتاییەکەی دیار نییە.


AM:09:30:10/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو