موحسین رەزایی وەک نوێنەری موجتەبا خامنەیی لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەستنیشانکرا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئابی 2026، ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند کە موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم، وەک نوێنەری نوێی رێبەری کۆماری ئیسلامی لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشانکراوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەم بڕیارە لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە دەرچووە، ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی ناڕەسمی سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد باقر زولقەدر لە پۆستی سکرتێری "شعام" و نوێنەرایەتی رێبەر بڵاوکرابووەوە، پێشتریش محەمەد باقر خەڕازی، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێران و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی موجتەبا خامنەیی، ئاماژەی بەوە کردبوو کە بڕیارە رەزایی جێگەی زولقەدر بگرێتەوە.
بەپێی مادەی 176ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، رێبەری ئێران 2 نوێنەری لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا هەیە، ئاژانسی "تەسنیم"ی نزیک لە سوپای پاسداران پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ئێستادا هەریەکە لە موحسین رەزایی و سەعید جەلیلی، وەک نوێنەرانی رێبەری کۆماری ئیسلامی لەو دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییە باڵایەدا دەستبەکارن.
ئەم دەستنیشانکردنە نوێیە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا دەنگۆی زۆر سەبارەت بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا بڵاوکرابووەوە.
PM:02:14:09/08/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت