مەسعود پزیشکیان: ئەوروپا خاوەن بڕیاری سەربەخۆ نییە و پاشکۆی سیاسەتەکانی ئەمریکایە


وێستگەنیوز-

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە گفتوگۆیەکی راشکاوانەدا، کە بە بۆنەی 2هەمین ساڵیادی سوێندخواردنی سەرۆکایەتییەکەی ئەنجامدرا، تیشکی خستە سەر چەندین پرسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و جەختی لە گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا کردەوە.


سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە حکومەت سوود لە مزگەوت، قوتابخانە و بنکە تەندروستییەکان وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک، وتیشی: "مزگەوت تەنها بۆ کەسانی ئایینی نییە، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکە، ئێمە ژینگەی خۆیی و نامۆمان دروست کردووە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە لە گەڕەکەکاندا هەمووان لە خۆمانن و هیچ کەسێک نامۆ نییە".

پزیشکیان بە توندی رەخنەی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە رێگەی تەنها دەرکردنی فەرمانەوە گرت و وتی: "بە فەرمان و رێگری (ئەمر و نەهی) ناکرێت کۆمەڵگە بە دروستی بەڕێوە ببرێت، فەرمانکردن واتە هەڵاتن لە ئایین و باوەڕ"، جەختیشی کردەوە کە حکومەتەکەی "حکومەتی تەبایی نیشتمانییە" و لەسەر رێبازی سیاسەتەکانی رێبەر بەردەوامە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لە شەهید بوون ناترسێت و بەڵکو بە سەرکەوتنێکی گەورەی دەبینێت.

پزیشکیان ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت ناکۆکی بخەنە نێوان ئێران و وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداوی فارس، رایگەیاند کە ئەمریکا رێگری کردووە لەوەی ئێران و فەرەنسا بگەەنە لێکتێگەیشتن لەسەر چەند پرسێکی وەک (ئەسنەپ باک).

سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی: "ئەوروپییەکان هیچ دەسەڵاتێکی بڕیاردانی سەربەخۆیان لە خۆیانەوە نییە و ئەوە ئەمریکایە بڕیارەکانیان بۆ دیاریکردنی ئاراستەی رێککەوتنەکان قبوڵ ناکات".

لە کۆتایی قسەکانیدا پزیشکیان جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە باشبووندایە و هیچ ناکۆکییەک لە نێوان حکومەت و هێزە چەکدارەکاندا بوونی نییە، چارەسەری کێشەکانیش تەنها بە خزمەتی بێمنەت و بەشداریی جەماوەری دەکرێت.


PM:10:29:07/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت