هەواڵگریی ئەمریکا: پوتین بەرەو درزخستنە نێوان هاوپەیمانانی ناتۆ هەنگاو دەنێت


وێستگەنیوز-

بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە ماوەی نێوان ئێستا تاوەکو ساڵی 2029، هەوڵ بدات لە رێگەی هێرشی جۆراوجۆرەوە ئاستی یەکگرتوویی و ئامادەیی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ وەڵامدانەوە تاقی بکاتەوە.


رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەو تێڕوانینە پێشووەی کە دەیوت پوتین لە کاتی جەنگی ئۆکرانیادا وڵاتانی ناتۆ ئیستفزاز ناکات گۆڕاوە، ئێستا هەواڵگریی ئەمریکا پێیوایە بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لە ناوخۆی ئۆکرانیا و ناوخۆی رووسیا لەسەر پوتینە، ناوبراو پێویستی بە سەرکەوتنێکی نوێ هەیە و دەیەوێت لە رێگەی هێرشێکی سنووردارەوە درز بخاتە ناو یەکگرتوویی وڵاتانی ناتۆ.

بەرپرسانی هەواڵگری ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشە گریمانەییەکان لە نێوان هێرشی سایبەری، ناردنی گروپە چەکدارە نادیارەکان، یان تەنانەت چوونە ناوەوەی وشکانیی سنوورداردایە بۆ سەر باڵی رۆژهەڵاتی پەیمانەکە، هەرچەندە ئەگەری چوونە ناوەوەی سەربازی هێشتا بە کەم دەزانرێت، بەڵام بەرپرسان دەڵێن نیشانەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە دەستیان پێکردووە، وەک کەوتنی موشەکی رووسی لە پۆڵەندا و فڕینی درۆن بەسەر ئاسمانی رۆمانیادا.

ئەم هۆشدارییانە هاوکاتن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک کە باس لە کەمبوونەوەی بەرچاوی کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمریکا دەکات بەهۆی ناردنی بڕێکی زۆری چەک بۆ ئۆکرانیا و بەکارهێنانیان لە گرژییەکانی بەرامبەر ئێران، ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی موشەکەکانی وەک (پاتریۆت، ستینگەر و ئەتاکمس) بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.

لە بەرامبەردا، هەریەک لە وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) و کۆشکی سپی ئەم دەنگۆیانەیان رەتکردەوە، شۆن بارنێڵ، وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هەموو ئەو چەکانەی لەبەردەستە کە پێویستن بۆ هەر هێرشێک لە هەر کات و شوێنێکدا، هەروەها ئانا کێڵی، وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە چەکی "زیاتر لە پێویست"یان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی دۆناڵد ترەمپ.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی گروپە چەکدارەکانی باکور، توانیویانە ناوچەی "ئانیسکینە" لە سنووری پارێزگای خارکێڤ، وەک بەشێک لە بەردەوامیی پێشڕەوییەکانی سوپای رووسیا لەو ناوچەیە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن.


PM:04:39:07/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت