بۆمبێکی چێنراو لە شارۆچکەی جورمانا تەقییەوە و چەندین کەس کوژران و برینداربوون


وێستگەنیوز-

ئێوارەی ئەمڕۆ، بۆمبێکی چێنراو لە ناو شارۆچکەی جورمانای نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا تەقییەوە و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، لە شارۆچکەی جورمانای سەر بە دیمەشق تەقینەوەیەک لە ناو پاسێکی بچووکی گواستنەوەی سەرنشیناندا ڕوویدا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بۆمبەکە لە ناو پاسەکەدا چێنراوە.

وەزارەتی تەندروستی سوریا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەکەی جورمانا 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و 14 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمە پزیشکییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە مامەڵە لەگەڵ ئەندامی جەستەی پارچەپارچەبوو دەکەن.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستی باری نائاسایی لە سەرجەم نەخۆشخانەکان و بەشەکانی فریاکەوتنی دەوروبەری دیمەشق ڕاگەیاندووە و تیمە پزیشکییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ چارەسەرکردنی خێرای بریندارەکان.

جورمانا، کە ناوچەیەکی قەرەباڵغە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە پەیڕەوانی مەزهەبی دروزن و مەسیحییەکانیشی تێدا نیشتەجێن، یەکێکە لەو ناوچانەی پێشتر لە نیسانی 2025دا پێکدادانی خوێناوی تێدا ڕوویدابوو کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس.


PM:10:52:06/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت