ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و عومان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت
وێستگەنیوز
سەرچاوە عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، ئێران و سوڵتانی عومان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی کۆتایی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا بە کەناڵە عەرەبییەکانی ڕاگەیاندووە، تاران و مەسقەت لەسەر هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنی کردنەوەی گەرووی هورمز ڕێککەوتوون.
ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژە و ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکانە لەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا، بەڵام چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکات.
بەپێی ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکە، شێوازی هاتوچۆی کەشتییەکان بەم شێوەیە ڕێکخراوە:
- ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو گەرووی هورمز، ئەو ڕێڕەوە بەکاردەهێنن کە لە ئێرانەوە نزیکە.
- ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمز دێنە دەرەوە، ئەو ڕێڕەوە بەکاردەهێنن کە لە سوڵتانی عومانەوە نزیکە.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە:
ڕێککەوتنەکە هیچ جۆرە ڕسوماتێک یان پارەیەک لەو کەشتییانە وەرناگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.
چەند لایەنێکی ناوچەیی بەشدار دەبن لە پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین و دابینکردنی پێداویستییە تەکنیکییەکان بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان.
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کاراکردنەوەی ماددەی 5 لەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی لە مانگی 6ی ڕابردوو لە نێوان واشنتۆن و تاران واژۆکرا، ئامانجیش لێی شکاندنی چەقەبەستوویی و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی ناوەندگیرەکانەوە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندی بە فەرماندەی سوپای پاکستانەوە کردووە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەردانی ئیسلام ئاباد بکات.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پاکستان محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە دواین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن ئاگادار دەکەنەوە.
PM:04:51:06/08/2026
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت