بوومەلەرزەیەکی بەهێز میسر و چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاند
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2026، بوومەلەرزەیەکی بەهێز پایتەختی میسر و چەند وڵاتێکی دراوسێی هەژاند، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای دانیشتووان دروست کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانی گیانی رانەگەیەندراوە.
پەیمانگەی نەتەوەیی توێژینەوەی فەلەکناسی و جیۆفیزیکی میسر رایگەیاند، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری رێختەر و لە کاتژمێر 3:01 خولەکی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆی میسر روویداوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە چەقی بوومەلەرزەکە 38 کیلۆمەتر لە شاری سوێسەوە دوور بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتردا تۆمار کراوە.
هاوکات، ناوەندیی کەشوهەوای قودس و ناوەندیی ئەڵمانی بۆ توێژینەوەی زانستەکانی زەوی، گوڕی بوومەلەرزەکەیان بە 5.4 بۆ 5.5 پلە خەمڵاندووە.
بەپێی راپۆرتەکان، جگە لە دانیشتووانی قاهیرە و جیزە، هاوڵاتیان لە وڵاتانی فەڵەستین، ئوردن، لوبنان و قوبرس هەستیان بە لەرزینەکە کردووە. ناوەندیی چاودێری بوومەلەرزەی ئەوروپی-ناوەڕاست ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 66 ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا بوون کە بوومەلەرزەکە لێی داوە.
لە لایەکی دیکەوە، مانگی سووری میسری پلانی فریاگوزاری خێرای لەو شارانە چالاک کرد کە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و داوای لە هاوڵاتیان کردووە لەو باڵەخانانە دوور بکەونەوە کە درزیان تێکەوتووە. هەروەها ناوەندە زانستییەکان هۆشدارییان داوە لە ئەگەری روودانی پاشلەرزە لە کاتژمێر یان رۆژانی داهاتوودا.
پسپۆڕانی جیۆلۆجی ئاماژە بەوە دەکەن، میسر بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە لەژێر کاریگەریی چەند ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزەدایە، بەتایبەت لە ناوچەکانی کەنداوی عەقەبە و باکووری دەریای سوور.
جێی ئاماژەیە، وێرانکەرترین بوومەلەرزە لە مێژووی میسردا لە 12ی تشرینی یەکەمی 1992 بە گوڕی 5.8 پلە روویدا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 540 کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکە.
AM:08:32:03/08/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت