ترەمپ: هێرشێکی گەورەمان بۆ سەر ئێران راگرت و ئەمشەو دانوستان دەستپێدەکەین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، واشنتن لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ دیاریکردنی شێوازی گفتوگۆکان و وتی: "پێکەوە قسە لەسەر دانوستانەکان دەکەین و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێدەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی گەرووی هورمز هەیە و متمانەی هەیە کە دەتوانرێت رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش بکرێت.
ترەمپ پەردەی لەسەر پلانێکی سەربازیی مەترسیدار لادا و ئاشکرای کرد، واشنتن ئامادەکاریی کردبوو بۆ جێبەجێکردنی هێرشێکی سەربازیی یەکجار فراوان و گەورە بۆ سەر ئێران و وتی: "ئۆپەراسیۆنەکە دەبووە گەورەترین هێرش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەڵام بڕیارمداوە هێرشەکە رابگرم و دەرفەت بە گفتوگۆ بدەم."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، هەڵپەساردنی هێرشەکان دوای ئەوە هات کە هەریەکە لە عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، قەتەر و تاران داوایان کردووە دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدرێت. رونیشیکردەوە ئەم بڕیارە مەرجدارە بە رێککەوتن لەسەر کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران. جەختیشی کردەوە کە سوپای ئەمریکا لە هەر کاتێکدا ئامادەیە بۆ جووڵەی سەربازی ئەگەر گفتوگۆکان بە خێرایی نەگەنە ئەنجام.
لە بەرامبەردا، تاران تا ئێستا دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتن پشتڕاست نەکردووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ عومان تەنیا پەیوەستە بە دۆزینەوەی رێڕەوێکی نوێی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بە جۆرێک مافی هەردوولا بپارێزێت، نەک رێککەوتن بەپێی مەرجەکانی ئەمریکا.
AM:08:23:03/08/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت