فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا بۆ پێنتاگۆن: ئەمریکا چیتر ناتوانێت بەم شێوەیە پارێزگاری لە ئیسرائیل بکات
وێستگەنیوز-
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لە راپۆرتێکی نوێدا پەردەی لەسەر نامەیەکی نهێنی و هەستیار لادا، کە تێیدا فەرماندەیەکی باڵای سەربازی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی واشنتۆن چیتر ناتوانێت بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە پاراستنی ئیسرائیل بەرامبەر هێرشە موشەکییەکانی ئێران.
بەپێی راپۆرتەکە، فەریق ئەلیکسۆس گرینکێڤیچ، فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەوروپا، ئاگادارکردنەوەیەکی نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) کردووە. لە نامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە بەهۆی کەمیی کەشتییە جەنگییە تێکشکێنەرەکان، رەنگە ئەمریکا ناچار بێت "پاراستنی نیشتمانیی ئەمریکی" بخاتە پێش بەرگریکردن لە ئیسرائیل، مەگەر تێکشکێنەری دەریایی زیاتریان بۆ رەوانە بکرێت.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە پاش 5 مانگ لە ململانێی بەردەوام لە ناوچەکە، فشاری نائاسایی کەوتووەتە سەر هێزی دەریایی و کۆگاکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنییە بەرپەرچدەرەوەکانیان روو لە تەواوبوونە, ئەمە جگە لەوەی فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەوروپا بەرپرسیارێتی پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکاشی لە ئەستۆیە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ئەگەریی موشەکی بالیستی رووسیا.
لە ئێستادا ئەمریکا خاوەنی 9 تێکشکێنەرە لە بنکەی رۆتا لە ئیسپانیا و چەندین کەشتی تری جەنگی لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بڵاوەیان پێکردووە، بەڵام خێرایی کارە سەربازییەکان و رووبەڕووبوونەوەی موشەکەکانی ئێران و حوسییەکان، باری قورسی بۆ تیمە دەریاییەکان دروست کردووە.
لەلایەکی تریشەوە، ئەم قەیرانە تەنها سەربازی نییە، بەڵکو لە ناوخۆی ئەمریکا فشارە سیاسییەکان گەیشتوونەتە لوتکە. لە مانگی تەمووزی رابردوودا، 103 نوێنەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگیان دا بۆ راگرتنی هاوکارییە سەربازییە ساڵانەکانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل کە بڕەکەی 3.3 ملیار دۆلارە. هەروەها پارتی کۆماریش نیگەرانە لەوەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵاکان بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنیی رێڕەوە ئاوییەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی داهاتوو هەبێت.
شارەزایانی ستراتیژی پێیان وایە کە گۆڕانی دۆخی ناوچەکە بۆ شەڕێکی فراوان، لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ئامادەیی سەربازی ئەمریکا و کۆگاکانی چەک دەبێت، ئەمەش وای کردووە پرسی پاراستنی ئیسرائیل ببێتە جێگەی مشتومڕێکی توند لە ناو جەرگەی سیاسەتی ئەمریکادا.
AM:11:40:02/08/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت