سوریا و ئوردن هۆشداری دەدەنە عێراق: وەڵامی سەربازیمان دەبێت
وێستگەنیوز -
هەریەک لە وڵاتانی سووریا و ئوردن بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی عێراقیان لە مەترسیی جووڵەی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لەسەر سنوورەکانیان ئاگادار کردەوە و هۆشداری دەدەن، هەر هێرشێک لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەریان، بە وەڵامدانەوەی سەربازی بەرپەرچی دەدەنەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، لایەنی سووری بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بەرپرسانی عێراقەوە کردووە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، جووڵەی میلیشیاکانیان لە نزیک سنووری نێوان هەردوو وڵات بەدی کردووە.
دیمەشق هۆشداری داوەتە بەغدا کە هەر هێرشێک لە خاکی عێراقەوە دەست پێبکات، بە وەڵامدانەوەی توند ڕووبەڕوو دەبێتەوە و داوای کردووە ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی ئاسایشی سووریا بگیریتەبەر.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی فەرمی ئوردنی ڕایگەیاندووە، عەممان بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە زانیارییان لەبەردەستە سەبارەت بە بوونی پیلانی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی خاکی ئوردن.
ئوردن بە ڕاشکاوی بە لایەنی عێراقی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، بە سەربازی وەڵامی ئەو گرووپانە دەدەنەوە و چاوەڕوانن دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێگری لەو هەڕەشانە بکەن.
AM:09:45:02/08/2026
ئهم بابهته 368
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت