محەمەد بن سەلمان بۆ ترەمپ: داوا دەکەم دان بەخۆتدا بگریت و دۆخەکە هێور بکەیتەوە


وێستگەنیوز-

تۆڕی CBSی ئەمریکی ئاشکرای کرد، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە و تێیدا هانی داوە دانبەخۆدا بگرێت و بارودۆخەکە بەرەو هێورکردنەوە ببات.


بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو تۆڕە ئەمریکییە، پەیوەندییەکە رۆژی شەممە ئەنجامدراوە و تێیدا شازادە محەمەد بن سەلمان هۆشداریی داوە لە دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران. هەروەها نیگەرانیی خۆی نیشانداوە سەبارەت بەو ئامانجانەی ئەگەری هەیە واشنتۆن لە ناوخۆی ئێران بییانکاتە ئامانج، بەتایبەت ژێرخانە گرنگەکانی ئەو وڵاتە.

رۆژنامەی "Axios" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لایەنی سعوودی ترسی هەیە لەوەی ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان ژێرخانی وزە یان دامەزراوە سەرەکییەکانی ئێران بۆردومان بکات، تاران وەک کاردانەوە هێرش بکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی سعوودیە و وڵاتانی تری کەنداو. هەر بۆیە شازادەی جێنشین لەو پەیوەندییەدا هەوڵی داوە روونکردنەوە لە ترەمپ وەربگرێت سەبارەت بەو رێکارە نوێیانەی کە واشنتۆن بە نیازە دژی تاران بیگرێتەبەر.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە سەکۆی "ترووس سۆشاڵ" رایگەیاند، بڕیاری داوە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکانی سەر ئێران رابگرێت، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە.

تا ئێستا کۆشکی سپی بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی رۆژی شەممەی نێوان ترەمپ و محەمەد بن سەلمان نەداوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە فشارەکانی وڵاتانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی بڕیارە سەربازییەکانی واشنتن هەبووە.


AM:08:53:02/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت