ترەمپ هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئێران راگرت و مەرجەکانی رێککەوتنێکی نوێ ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی هێرشێکی سەربازیی گەورەی بۆ سەر ئێران دەرکردووە، راشیگەیاندووە تاران و چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای کاتیان کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.
ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ"ەوە رایگەیاند، سوپای ئەمریکا لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدا بووە و هێزێکی سەربازیی وای کۆکردووەتەوە کە لە دوای جەنگی جیهانی 2ەوە وێنەی نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن ئامادەی وەشاندنی گورزێکی "بێوێنە" بوو، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی داهاتووی جیهان و رەخساندنی دەرفەت بۆ "ئێرانێکی سەرکەوتوو"، بڕیاری راگرتنی هێرشەکەی داوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە گەیشتن بە رێککەوتنەکە بەستراوەتەوە بە چەند خاڵێکی سەرەکییەوە، لەوانەش:
1. کردنەوەی دەستبەجێ، و تەواوەتی و هەمیشەیی گەرووی هورمز.
2. کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران بە شێوەیەکی یەکجاری.
ترەمپ جەختی کردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی هێرشەکە بەندە بەوەی کە لایەنەکان تا چەند بە خێرایی رێککەوتنەکە واژۆ دەکەن، ئاشکراشی کرد کە دەوڵەتی ئیسرائیلیش لەم پابەندبوونەدا هاوبەشە و پاڵپشتی بڕیارەکە دەکات.
ئەم پەیامەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا راپۆرتە میدیاییەکان باسیان لە پلانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرد بۆ لێدانی ژێرخانی وزەی ئێران، لە بەرامبەریشدا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دابوو کە هەر هێرشێک بە وەڵامێکی "یەکلاکەرەوە" رووبەڕوو دەبێتەوە.
هاوکات، باس لەوە دەکرێت کە هەریەکە لە وڵاتانی قەتەر و سوڵتاننشینی عومان وەک نێوەندگیر هاتونەتە سەر هێڵ بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و کردنەوەی دەروازەی دانوستان گەرووی هورمز کە ناوەندی ململانێکانە، بەهۆی تێپەڕبوونی بەشێکی زۆری نەوتی جیهان پێیدا، گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە و ترەمپ داوای کردووە تیمە پەیوەندیدارەکان بە خێرایی کارەکانیان تەواو بکەن بۆ جێگیرکردنی رێککەوتنەکە.
AM:08:17:02/08/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت