ئیسماعیل بەقایی بۆ پاشای بەحرەین: زمانی عەرەبی و جوگرافیا پێوەری باشی نین لە ئیسلامدا


وێستگەنیوز-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی پاشای بەحرەین دەداتەوە و رایگەیاند، پێوەری باشتربوون و فەزڵ لە ئیسلامدا پەیوەندی بە زمان و ناوچەی جوگرافییەوە نییە.


ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی خاوەن شارستانیەتێکی دێرینە و دوای وەرگرتنی ئیسلام بووەتە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی گەشەسەندنی شارستانیەتی ئیسلامی لە بوارەکانی فیقهـ، فەلسەفە، پزیشکی، ماتماتیک و ئەدەبدا.

بەقایی لە وەڵامی لێدوانەکانی پاشای بەحرەین کە وتبووی "ئێران چاکەی پەیامی محەمەدی لەسەر نەتەوەی فارسی فەرامۆش کردووە"، ئاماژەی بەوە کرد: "پێوەری باشتربوون لە ئیسلامدا نە زمانی عەرەبییە و نە سەر بە ناوچەیەکی جوگرافییە، بەڵکو تەنها پارێزکاری و تەقوایە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: "هیچ حاکمێک مافی ئەوەی نییە تەنها قسەکردن بە زمانی عەرەبی بکاتە پاساو بۆ بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی پەیامی پێغەمبەر، یان ئەو بانگەشەیە بگۆڕێتەوە بە کارکردن بە فێرکارییە روونەکانی ئیسلام".

بەقایی جەختی لەوەش کردەوە کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە پابەندی پرەنسیپی هاوسێیەتی باش بووە، تەنانەت لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە ئێستا فەرمانڕەوایی بەشێکی دابڕاو لە خاکی ئێران دەکەن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لەو وڵاتانە گرت کە لە لایەک باسی ئیسلام دەکەن و لە لایەکی دیکە پێشوازی لە دوژمنانی موسڵمانان دەکەن و دەبنە هاوکاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی وڵاتانی موسڵمانی هاوسێ، راشیگەیاند کە وەڵامی ئەم رەفتارانە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەردا روون کراوەتەوە.


PM:07:09:01/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت