دوای سێ ساڵ.. ئەمریکا یەکەم باری نەوتی رەوانەی ئیسرائیل کرد
وێستگەنیوز-
بەپێی داتاکانی شوێنکەوتنی کەشتییەکان لە پلاتفۆرمی گرووپی بۆرسەکانی لەندەن، بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی 3 ساڵدا، بارێکی نەوتی خاوی ئەمریکی لە تێکساسەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێوەیە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزە لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
کەشتیی "کاپتن جۆن" کە لە جۆری ئافرماکسە و ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، رۆژی پێنجشەممە باری نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی (WTI) لە دامەزراوەی ئینجڵسایدی سەر بە کۆمپانیای ئینبریج بارکردووە. داتاکانی کەشتیوانی ئاماژە بەوە دەکەن کە مەبەستی کەشتییەکە بەندەری ئەشقەلانە لە باشووری ئیسرائیل.
زانیارییەکان دەریانخستووە کە کەشتییەکە نزیکەی 550 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتووە، لە کاتێکدا توانای گواستنەوەی ئەو جۆرە کەشتییانە دەگاتە 750 هەزار بەرمیل. هەرچەندە ئاماژە بەوە دراوە کە کۆمپانیای بازرگانی ڤیتۆڵ کەشتییەکەی بەکرێ گرتووە، بەڵام تا ئێستا کۆمپانیاکە بە فەرمی لێدوانی لەسەر وردەکارییەکانی بارەکە نەداوە.
ئەم جووڵە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، لە دوای تشرینی یەکەمی 2023ەوە یەکەمینە، چونکە لەو بەروارەوە هەناردەکردنی نەوت لە نێوان هەردوو وڵاتدا وەستابوو. پێشتر لە ساڵی 2020دا ئەمریکا 4.607 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی ئیسرائیل کردبوو، بەڵام لە ساڵی 2022دا گەیشتبووە سفر و لە ساڵی 2023دا تەنها 746 هەزار بەرمیل هەناردە کرابوو.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی لە 28ی شوباتی 2026ەوە لە ناوچەکە دەستیپێکردووە، جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. گەرووی هورمز کە پێشتر 1 لەسەر 5ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، ئێستا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و بەرزی تێچووی دڵنیایی (تامین)، وای لە کۆمپانیاکان کردووە رێڕەوی گواستنەوەکانیان بگۆڕن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەناردەکردنە بۆ ئیسرائیل، ئەمریکا پێگەی خۆی وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت بەهێزتر کردووە و لە مانگی ئایاری 2026دا ئاستێکی پێوانەیی لە هەناردەکردنی رۆژانەدا تۆمارکردووە کە گەیشتووەتە 5.73 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی داواکاری جیهانی لە سایەی ناسەقامگیرییەکانی رۆژهەڵاتی ژناوەڕاستدا.
PM:06:44:01/08/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت