ئێران هێرشەکانی دەستپێکردەوە و بە درۆن هێرشی کردە سەر بنکەی شێخ عیسا لە بەحرەین


وێستگەنیوز ـ

تاران هێرشەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردەوە و سوپای ئێران ڕایگەیاند، بنکەی شێخ عیسا لە بەحرەین بە فڕۆکەی خۆکوژ پێکراوە و بەهۆیەوە سیستەمی کەشتیوانی و مۆلیدەکانی کارەبای بنکەکە لەکارخراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەمووزی 2026، سوپای ئێران ڕایگەیاند، لە قۆناغی 26ـەمی ئۆپەراسیۆنی ڕەشەبادا، هێرشێکی بەرفراوانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆ سەر بنکە و ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە وڵاتی بەحرەین ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سوپای ئێران، لە هێرشەکەدا بنکەی ئاسمانی "شێخ عیسا" کراوەتە ئامانج و فڕۆکە خۆکوژەکان توانیویانە ئەم شوێنانە بپێکن:

مۆلیدەکانی کارەبا و سیستەمی کەشتیوانی بنکەکە.
باڵەخانە ئیدارییەکان و یەکەکانی پاڵپشتی سوپای ئەمریکا.
ناوەندەکانی جێگیربوونی سەربازان و ئامێرە سەربازییەکان.

سوپای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، بنکەی شێخ عیسیەکێکە لە هەستیارترین بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو، کە مەڵبەندی فڕۆکە سیخوڕییەکان و هێلیکۆپتەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانە.

جەختیش کراوەتەوە کە ئەم هێرشانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بوون و زیانی گەورەیان بە توانا جەنگییەکانی هێزە دەستدرێژکارەکان گەیاندووە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە چوارچێوەی توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دێت لە ناوچەی کەنداو، کە لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرش و ئاڵوگۆڕی پەیامی توندی سەربازی لە نێوانیاندا ڕوویداوە.


PM:10:22:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو