کەوتنی مووشەکی رووسی لە پۆڵەندا؛ مەترسی جەنگی نێوان ناتۆ و مۆسکۆی زیادکردووە
وێستگەنیوز-
سوپای رووسیا بە شەپۆلێکی چڕی مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر چەند شارێکی ئۆکرانیا و بەو هۆیەوە لانیکەم 7 کەس گیانیان لەدەستدا، هاوکات بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی رووسی لە ناو خاکی پۆڵەندا، مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی ناتۆ و مۆسکۆی زیاد کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 1:18، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە کیێڤی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئۆکرانیا بیسترا. لە شاری "کریڤی ریهـ" کە زێدی ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیایە، مووشەکێکی بالیستی لە جۆری "ئیسکاندەر-ئێم" بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ماڵی خێزانێکی گەورەی داوە و لە ئەنجامدا 6 کەس کوژراون، کە دوو کچی تەمەن 5 و 12 ساڵیان تێدایە، هەروەها 8 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مووشەکێکی کرووزی رووسی لە جۆری "Kh-101" لە ناو خاکی پۆڵەندا و لە نزیک گوندی "ئۆترۆچی" کەوتووەتە خوارەوە، کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئۆکرانیاوە دوورە. ئەم رووداوە وایکردووە سوپای پۆڵەندا فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "F-16" بخاتە فڕین بۆ پاراستنی کایەی ئاسمانی وڵاتەکەی و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە لوبلین لێدرا. ئەگەر ئەم هەواڵە بە فەرمی لە لایەن وارشۆ یان ناتۆوە پشتڕاست بکرێتەوە، وەک هێرش بۆ سەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ ئەژمار دەکرێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان دامەزراوە سەربازییەکانیان لە کیێڤ، لڤیڤ و دنیپرۆپێترۆڤسک پێکاوە، هەروەها 3 کەشتی بارهەڵگریان لە نزیک ئۆدێسا کردووەتە ئامانج کە چەکیان بۆ ئۆکرانیا گواستووەتەوە.
لەسەر ئاستی سیاسی، ڤلادیمێر زێلێنسکی دوای کۆبوونەوەیەکی "باش" لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆن، رایگەیاند کە رەزامەندی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا خۆی دەست بکات بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی "پاتریۆت". زێلێنسکی جەختی کردەوە کە تەنها ئەم جۆرە مووشەکانە دەتوانن بەرپەرچی هێرشە بالیستییەکانی رووسیا بدەنەوە و داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد بە پەلە هاوکاری زیاتری سەربازییان پێ بگەیەنن.
AM:09:25:30/07/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت