ئەمریکا هۆشدارییەکی ئەمنیی نوێ لە عێراق بڵاودەکاتەوە
وێستگەنیوز-
نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە ئاگادارکردنەوەیەکی ئەمنیی نوێدا کە لە 28ی تەمووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەبارەی مەترسییەکانی چالاکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لە ناو خاکی عێراقدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاند، گروپە میلیشیا تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناو خاکی عێراقەوە هێرشیان ئەنجامداوە کە ئامانجەکانی ناو عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر سەلامەتیی گشتی دروست کردووە. بەپێی ئاگادارکردنەوەکە، عێراق هێشتا لەژێر هۆشداریی گەشتکردنی ئاستی 4دایە، کە بە واتای "گەشت مەکەن" دێت، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری و ئاڵۆزییە مەدەنییەکان.
لە ئاگادارکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە رەنگە شێواوی لە جووڵەی گەشتەکان یان داخستنی کایەی ئاسمانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە رووبدات. داوا لە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەکرێت پێش چوون بۆ فڕۆکەخانەکانی (بەغداد، هەولێر، سلێمانی و بەسرە) پشکنین بۆ باری گەشتەکەیان بکەن، چونکە خشتەی گەشتەکان لە هەر کاتێکدا ئەگەری گۆڕانیان هەیە.
نێردەی ئەمریکا داوا لەو هاووڵاتیانەی لە عێراق نیشتەجێن دەکات کە بەرزترین ئاستی وریایی بپارێزن و چاودێری میدیا ناوخۆییەکان بکەن و پابەندی رێنماییەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بن. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی نائاسایی بۆ هاووڵاتیانی لە ناو عێراقدا زۆر سنووردارە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر بەردەوامن لە کارەکانیان، سەرەڕای بەردەوامبوونی فەرمانی بەجێهێشتنی زۆرەملێ بۆ فەرمانبەرە نائەساسییەکان. داواش لە هاووڵاتیانیان کراوە کە دووربکەونەوە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و ئاستی دەرکەوتنیان نزم بکەنەوە.
ئەم هۆشدارییە نوێیەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە رووبەرووی ئاڵۆزیی سەربازی بووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەو بۆردومانانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەکی عێراق گرتەوە.
PM:03:50:29/07/2026
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت