بە زیاتر لە 390 درۆن هێرش کرایە سەر مۆسکۆ


وێستگەنیوز-

شەوی رابردوو پایتەختی رووسیا رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین هێرشە درۆنییەکان بووەوە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، لە نێوان کاتژمێر 8:30ی شەو بۆ 6:30ی بەیانی ئەمڕۆ، زیاتر لە 390 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی ناوچەی مۆسکۆ کراون.


بە وتەی سۆبیانین، زۆربەی درۆنەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان رێگرییان لێکراوە، بەڵام 81 درۆن لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە پایتەخت تێکشکێندراون، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکانی دۆمۆدێدۆڤۆ، پۆدۆڵسک، رامێنسکۆیێ و کۆڵۆمنا بەردەوام لە کاردابوون بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان.

بەهۆی ئەم هێرشانەوە، فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی مۆسکۆ (ڤنوکۆڤۆ، دۆمۆدێدۆڤۆ و ژوکۆڤسکی) بە شێوەیەکی کاتی کارەکانیان راگرت، هاوکات، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە درۆنێک کێشاویەتی بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا لە شارۆچکەی چیخۆڤ، هەروەها ئاگر لە خانووێکی تایبەت لە گوندی ڤاولۆڤۆ کەوتووەتەوە و لە گوندی دوبناش زیان بە چەند خانووێکی هاوینە گەیشتووە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە نافەرمییەکان و کەناڵەکانی چاودێری (OSINT) بڵاویانکردەوە، کە ئاگرێکی گەورە لە دامەزراوەیەکی کۆگا لە ناوچەی کۆڵێدینۆ کەوتووەتەوە کە شوێنی سەرەکی دابەشکردنی "وایڵدبێریز" و چەند ناوچەیەکی کارگەی پیشەسازییە، هەروەها باس لەوە دەکرێت کارگەی "هایدرۆستاڵکۆنستراکتسیا" لە چیخۆڤ کە پێکهاتەی وێستگەکانی کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کراوەتە ئامانج.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری زیاتر بۆ وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی رووسیادا، هێرشەکان لە کاتێکدان کە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن لە ماوەی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە تا رادەیەک پاشەکشەی کردبوو.


AM:09:20:28/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت