لەئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بەناو رێپێوانی هاورەگەزخوازەکاندا


وێستگەنیوز-

پۆلیسی بەرلین کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 16 کەسی دیکەی پشتڕاستکردەوە، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی ڤانی سپی لە ناوچەی (تیرگارتن) خۆی کێشا بە ناو کۆمەڵە خەڵکێکدا کە بەشدارییان لە رێپێوانی ساڵانەی (CSD) دەکرد کە تایبەتبوو بە هاورەگەزخوازەکان.


رووداوەکە کاتژمێر 10ی شەوی شەممە، 25ی تەمووزی 2026، لە نزیک شەقامی (لێنێستراسی) روویداوە، بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، ئۆتۆمبێلەکە بە خێراییەکی زۆرەوە چووەتە ناو خەڵکەکە و دوای ئەوەی لە چەند کەسێکی داوە، کێشاویەتی بە دارێکدا، دواتر شۆفێرەکە بە پێ لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە.

ناسنامەی هێرشبەرەکە و پاڵنەرەکانی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا وێنە و ناسنامەی گومانلێکراوی سەرەکییان بڵاوکردەوە کە ناوی (عەبدول ب) و تەمەنی 21 ساڵە، پۆلیسی بەرلین رایگەیاندووە کە ئەم کەسە لای ئەوان ناسراوە و پەیوەندی بە تەوژمە ئیسلامییە توندڕەوەکانی نیشتەجێی بەرلینەوە هەیە.

هەروەها پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک لە قوربانییەکان برینی چەقۆیان لەسەر جەستەیە، ئەمەش گومانی ئەوە دروست دەکات کە هێرشبەرەکە دوای دابەزینی لە ئۆتۆمبێلەکە چەقۆی بەکارهێنابێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

دوای رووداوەکە، رێپێوانەکە بە فەرمی هەڵوەشایەوە و ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەنرا، لە ئێستادا گەڕانێکی چڕ بە بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر و هێزە تایبەتەکانی (GSG 9) بۆ دەستگیرکردنی (عەبدول ب) دەستیپێکردووە، پۆلیس هۆشداری دەدات کە تۆمەتبارەکە باڵای 1.90 مەترە و لاوازە، رەنگە چەکدار و مەترسیدار بێت.

ئەم هێرشە کە بە (Amokfahrt) یان "شۆفێری شێتانە بە مەبەستی کوشتن" وەسف کراوە، ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لە ناو دڵی دانیشتوانی بەرلین دروست کردووە و تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی چارەسەرکردنی ئەو بریندارانەن کە باری تەندروستییان ناجێگیرە.


AM:09:21:26/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت