ئیسماعیل بەقایی: هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی هاتووچۆی گەرووی هورمز رووی نەداوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا رووی نەداوە و رەوشەکە ئاساییە.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەی ئاشکراکرد، کە رۆژانی هەینی و شەممە چەند خولێکی گفتوگۆ لە نێوان تاران و سوڵتانییەتی عومان لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەچوو، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیش بریتی بوون لە پرسی بنەما هاوبەشەکان و میکانیزمە کاراییەکان بۆ بەڕێوەبردنی هاتووچۆی سەلامەتی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، کە لەم کۆبوونەوانەدا هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پێویستی رەچاوکردنی مافە سەروەرییەکانی ئێران و عومان وەک 2 دەوڵەتی سەرەکی کەناراوەکە، وتیشی: "ئەم گفتوگۆیانە زۆر بەسوود بوون و پێشکەوتنی باشیان بەخۆوە بینیوە".

هەرچەندە شاندی نوێنەرایەتی عومان ئێوارەی شەممە تارانیان جێهێشتووە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە راوێژە تەکنیکی و سیاسییەکان لە نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن.

ئەم کۆبوونەوانەی ئێران و عومان لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی کارا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هاتوچۆی کەشتییەکان بە جۆرێک کە بەرژەوەندی و مافەکانی هەردوولا پارێزراو بێت.


AM:08:50:26/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت