وڵاتانی كهنداو و ئوردن هۆشداری دهدهنه ئێران و داوای بڕیارێكی بهپهلهی ئهنجومهنی ئاسایش دهكهن
وێستگەنیوز -
وڵاتانی کەنداو و ئوردن هێرشەکانی ئێران وەک دەستدرێژیی ئاشکرا ناوزەد دەکەن و داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن بە فەرمی دان بە مافی بەرگری لەخۆکردنیاندا بنێت، هاوکات پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دووپات دەکەنەوە.
وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و شانشینی ئوردن لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، بەردەوامی هێرشەکانی ئێران پێشێلکردنی تەواوی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
هەروەها جەختیان لەسەر مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگریكردن لەخۆیان چ بە شێوەی تاک یان بە کۆمەڵ کردەوە.
ئەو وڵاتانە داوایەکی بەپەلەیان ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد تاوەکو بڕیارێکی دەستبەجێ دەربکات بۆ ناچارکردنی ئێران بە ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی و داننان بە مافی ئەو وڵاتانەی بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ بەرگریكردن لە سەروەریی خۆیان.
لە تەوەرێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، وڵاتانی کەنداو و ئوردن پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی حکومەتەکەی نیشان دەدەن، هاوکات هاوسۆزی خۆیان بۆ عەرەبستانی سعوودیە دووپات کردەوە لە هەر ڕێکارێکدا کە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی دەیکرێتە بەر.
سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، جەخت لە پابەندبوون بە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب کرایەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیشان دا بۆ ڕێکخستنی کاروباری دەریاوانی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.
PM:11:35:23/07/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت