دۆناڵد ترەمپ: هەر هێرشێکی حوسییەکان وەک هێرشی ئێران دەبینین و سزای گەورەیان دەدەین
وێستگەنیوز –
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران و حوسییەکان کرد و ڕایگەیاند، چیتر واشنتۆن حوسییەکان وەک لایەنێکی سەربەخۆ نابینێت، بەڵکو ئێران بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی هەر هێرشێک دەزانێت کە لەلایەن ئەو گروپەوە ئەنجام بدرێت.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "ئەگەر حوسییەکان دووبارە هێرش بکەنەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت، چونکە حوسییەکان تەنها بریکار و نوێنەری ئێرانن، هەروەها هەڕەشەی وەشاندنی سزایەکی گەورەی سەربازی لە تاران و خودی گروپەکەش کرد.
سەرۆکی ئەمریکا نائومێدی خۆی لە حوسییەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر و دوای هێرشە بەهێزەکەی ساڵی ڕابردووی ئەمریکا، ئەو گروپە "بە بەرپرسیارێتی و ژیری" ڕەفتاریان دەکرد، بەڵام بە هێرشکردنە سەر کەشتییە سعوودییەکان لە شەوی ڕابردوودا، هەموو شتێکیان تێکدایەوە.
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو کەشتییەکی بازرگانیی سعوودی بە ناوی (ENCELIA) لە کاتی تێپەڕبوونی بە دەریای سووردا کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ئاگر لە پێشەوەی کەشتییەکە کەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی گشتی گواستنەوەی سعوودیە ڕایگەیاند، تاقمی ناو کەشتییەکە سەلامەتن، بەڵام جەختی کردەوە کە ڕیاز هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی کەشتییەکانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە دەبێتەوە.
PM:04:17:23/07/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت