تاران وەڵامی بانگەشەکانی ترەمپ دەداتەوە: هیچ داوایەکی دانوستانمان نەکردووە


وێستگەنیوز-

بەرپرسانی ئێران بانگەشەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕەتدەکەنەوە سەبارەت بە داواکاری تاران بۆ ئەنجامدانی دانوستان و ڕایانگەیاند، هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە.


قەشقاوی، یەکێک لە بەرپرسانی ئێران لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی:، بانگەشەکەی ترەمپ کە دەڵێت ئێران داوای ئەنجامدانی دانوستانی کردووە، دوورە لە ڕاستییەوە.

وتوشییەتی، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا بەدوای ڕێگەی باشتردا بگەڕێت بۆ هاتنە دەرەوە لەو تەنگژەیەی تێیکەوتووە، درۆ دووبارەبووەکان چیتر سوودیان بۆ بازاڕەکانی نەوت نییە.

ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوە هات کە دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، تاران هەوڵ دەدات کۆبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ واشنتۆن ئەنجام بدات، بەڵام ئەمریکا لە ئێستادا گرنگی بە دەستپێکردنەوەی دانوستان نادات تا ئەو کاتەی تاران بە کردەیی ئامادە دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە لەوەی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت و تاران هەرگیز چەکی ئەتۆمی دەستناکەوێت.

لەلایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن بەردەوام دەبێت بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.

هاوکات، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، سەرەڕای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە هێشتا بەردەوامن.


PM:04:20:22/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت