بۆ جاری سێیەم سوریا دەستی بەسەر بارێکی گەورەی چەکی قاچاخدا گرت کە بەرەو لوبنان دەبردرا
وێستگەنیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەندەر و گومرگی سوریا ڕایگەیاند، بۆ جاری سێیەم لەسەر سنوورەکانی عێراق، دەستیان بەسەر بارێکی چەکی قاچاخدا گرتووە کە هەوڵدراوە ڕەوانەی ناو خاکی لوبنان بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەندەر و گومرگی سوریا، بارە چەکەکە پێکهاتووە لە 226 بۆمب کە بە شێوەیەکی نهێنی لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا حەشاردرابوون و ئاراستەکەی بەرەو لوبنان بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە یەکشەممەی هەفتەی ڕابردووش، بەرپرسانی سوریا دەستبەسەرداگرتنی بارێکی تری چەکیان لەسەر سنووری عێراق ڕاگەیاندبوو، کە پێکهاتبوو لە موشەکی دوورهاوێژ، موشەکی دژەزرێی ئاراستەکراو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
هەروەها پێنجشەممەی ڕابردوو بارێکی تری چەک کە بۆ حزبوڵا دەنێردرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوانەدا، حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هەموو چالاکییەکی لە ناو خاکی سوریا ڕەتکردەوە و ئەم هەواڵانەی بە چیرۆکی هەڵبەستراو و بێ بنەما ناوبرد کە مەبەست لێی زەرەرگەیاندنە بە ناوبانگی حزبوڵا.
لای خۆشیەوە وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکیدا، حزبوڵای بە میلیشیای تیرۆریستی ناوبردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، گوشارە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان بۆ سەر حزبوڵا بە مەبەستی داماڵینی چەکەکانیان چڕبووەتەوە.
بڕیاریشە لە مانگی 10ـەی ئەمساڵدا، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و پرسی چەکی حزبوڵا یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان.
PM:04:15:21/07/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت