پزیشکیان: رێبەری باڵا دەیەوێت دۆخی "نە شەڕ و نە ئاشتی" کۆتایی بێت


وێستگەنیوز-

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی و دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، رایگەیاند کە واشنتۆن بەڵێنەکانی پێشێل کردووە و رەخنە ناوخۆییەکانیش کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی دەستکەوتەکان هەبووە.


پزیشکیان لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی رێزگرتن لە پیشەسازی و کانزاکاندا ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئەنجامی دانوستانەکان لە ئاستێکی چاوەڕواننەکراودا بوو، بەڵام ئەمریکا پابەندی ئەو خاڵانە نەبوو کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتبوون، بەتایبەت لە پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هەناردەکردنی نەوتی ئێراندا.

سەرۆک کۆماری ئێران تیشکی خستە سەر گوشارە نێودەوڵەتییەکان و وتی: "دوژمنان جەنگێکی هەمەلایەنەیان بۆ دروستکردنی فشاری ناوخۆیی و هەرەسی کۆمەڵایەتی بەسەر ئێراندا سەپاند، بەڵام یەکگرتوویی خەڵک و خۆڕاگریی پیشەسازان لە بەرەی ئابووریدا وایکرد پیلانەکان پوچەڵ ببنەوە و رێگەتان نەدا وڵات رووبەڕووی قاتوقڕی ببێتەوە".

لەبارەی دانوستانەکانیشەوە، پزیشکیان ئاشکرای کرد کە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا جەختی لەسەر پێویستیی "کۆتاییهێنان بە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی" کردووەتەوە، وتیشی کە لەم ماوەیەی دواییدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی زیادی کردووە و تەواوی بڕیار و هەنگاوەکان لەسەر بنەمای رێنماییەکانی رێبەری باڵا رێکخراون.

سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە کە دەزگای دیپلۆماسی وڵاتەکەی هەرگیز لە مافەکانی نەتەوەی ئێران پاشەکشە ناکات و وتی: "بە پشتبەستن بە عیزەت و حیکمەت دانوستانەکانمان دەست پێ کرد و لەو رێگەیەشدا ترسمان لە شەهیدبوون نییە، چونکە هیچ شتێک بەهادارتر نییە لە شەهیدبوون لە پێناو خزمەتی خەڵکدا".

لەلایەکی دیکەوە، ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان بدات، ئەوا ئەگەری بەشداریی ئیسرائیل لەو هەڵمەتە سەربازییانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ئارادایە.


PM:03:30:21/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت