گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەمووزی 2026، گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران قۆناغێکی نوێی مەترسیداریان بڕی، کاتێک فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کە لە کاتژمێر 5:00ی بەرەبەیان، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان بنکەکانی فەرماندەیی، توانا دەریاییەکان، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆنیان کردووەتە ئامانج، ئەمریکا ئامانجی ئەم هێرشانەی بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران گەڕاندووەتەوە لە هەڕەشەکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، ئامارەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە لە مانگی 5ی ئەمساڵەوە، هێزەکانی ئەمریکا پارێزگارییان لە تێپەڕبوونی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوت کردووە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی توندی هێرشەکانی دایەوە و رایگەیاند، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە هەریەکە لە وڵاتانی کوەیت و بەحرەین کردووەتە ئامانج، ئاژانسی "ئیرنا" بڵاویکردەوە، لە کوەیت هەر سێ بنکەی (عەریفجان، ئەدەیرع و ئەحمەد جابر) بە درۆنی بۆمبڕێژراو کراونەتە ئامانج و زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها لە بەحرەینیش وێستگەیەکی چاودێری و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا پێکراون.
هاوکات سوپای پاسداران راشیگەیاند، دوو کەشتیی نەوتییان لە گەرووی هورمز دەستبەسەر کردووە، بە پاساوی ئەوەی "سەرپێچیکار" بوون و ویستوویانە لە رێڕەوێکی نائەمنەوە تێپەڕ بن، ئێران هۆشداری داوە کە دوای تێکشکاندنی رادارەکانی ئەمریکا، دەبێت واشنتۆن چاوەڕێی شەپۆلی توندتری هێرشەکان بێت.
بەهۆی پەرەسەندنی ئەم گرژییانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی جیهانی بۆ هاووڵاتیانی بڵاوکردەوە، واشنتۆن داوای لە ئەمریکییەکان کردووە لە هەر شوێنێکی جیهانن بەتایبەت لە ناوچە قەرهەباڵغەکان دوور بکەونەوە، چونکە سەقامگیریی ناوچەکە لە مەترسیدایە و ئەگەری روودانی پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە، ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە لە یەک هەفتەی رابردوودا بەهۆی پێکدادانەکانەوە چەندین سەربازی ئەمریکی کوژراون و بریندار بوون.
AM:08:50:21/07/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت