قالیباف: ئێمە مامۆستای ناسینی یارییەکانی ئەمریکاین


وێستگەنیوز-

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رەخنەی توند لە سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگرن و رایدەگەیەنن کە وڵاتەکەیان بە تەواوی لە "یارییە سیاسییەکانی واشنتۆن" تێگەیشتووە و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە.


محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەمووزی 2026، لە پەیامێکدا رەخنەی لە هەڵوێستە دووفاقەکانی ئەمریکا گرت، قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لە لایەک کەرەستەی سەربازی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە بانگەشەی راگرتنی جەنگ دەکات، وتیشی: "ئەوان بە کورت بینی و بەپێی ئاستی زیرەکی خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ ئێمە دەکەن، بەڵام ئێمە لە ناسینی ئەم یارییانەی ئەمریکادا گەیشتووینەتە قۆناغی مامۆستایەتی و ئامادەکاری تەواومان هەیە".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە کە پێویستە کردەوەکانی ئەمریکا پشتراستکەرەوەی بانگەشەکانیان بێت، نەک پێچەوانەی قسەکانیان هەنگاو بنێن.

لەلایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و رایگەیاند، ئێران لە ئێستادا لە دۆخێکی "نائاسایی" دایە.

پزیشکیان وتی: "بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناغەدا بە رێکار و یاساکانی رابردوو جێبەجێ ناکرێت و پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم دەسەڵاتەکانی دەوڵەت هەیە".

سەبارەت بە لێکگەیشتنەکانی ئەمدواییەی نێوان تاران و واشنتۆن، پزیشکیان دووپاتی کردەوە کە ئێران لە هیچ کام لەو 14 بەندەی کە لەسەری رێککەوتوون، پاشەکشەی نەکردووە و پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیەتی.


PM:02:48:20/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت