کاتز بۆ وەزیری بەرگری ئەمریکا: خۆمان سنوورەکانمان دەپارێزین و لە غەزە و لوبنان ناکشێینەوە
وێستگەنیوز-
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمووزی 2026، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل و پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگیان ئەنجامدا و تێیدا پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لەو پەیوەندییەدا، پیت هێگسێت هاوتا ئیسرائیلییەکەی لە دوایین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی ئێران ئاگادار کردەوە، کە بە ئامانجی پاراستنی ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ئەنجام دەدرێن، هەردوو وەزیر رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی نزیک لە نێوان واشنتۆن و تەلئەڤیڤ وەک وەڵامێک بۆ هەر پەرەسەندنێکی داهاتوو لە لایەن تارانەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا، کاتز باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دژی رێکخراوە چەکدارییەکان لە سوریا، غەزە و لوبنان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر هێشتنەوەی ناوچە ئەمنییەکان لە هەر سێ گۆڕەپانەکەدا، کاتز وتی: "بە پشتبەستن بە وانەکانی کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، پێویستە ئەو ناوچە ئەمنییانە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە سنوورییەکانمان بمێننەوە".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل راشیگەیاند، کە ئەوان داوایان لە ئەمریکا نەکردووە سنوورەکانیان بۆ بپارێزێت، بەڵکو ئیسرائیل خۆی پابەندە بە پاراستنی هاووڵاتیانی لە هەر هەڕەشەیەک.
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە، کە هێزی ئاسمانی ئەمریکا بە چڕی پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لە باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوە ئەگەر تاران لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و گەرووی هورمز رێککەوتن واژۆ نەکات، ئەوا هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە و وێستگەکانی کارەبا پەرە پێدەدەن.
AM:11:51:16/07/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت