جەی دی ڤانس: ئێمە 150,000 سەربازی زەمینی بۆ گۆڕینی رژێمێک نانێرین
وێستگەنیوز-
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران رایگەیاند، وڵاتەکەی هێزی سەربازی بە شێوەیەکی کراوە و بۆ ماوەیەکی نادیار دژی ئێران بەکارناهێنێت، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ چارەسەری کێشەکان پەنای بۆ دەبەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکی واشنتۆن لەم قۆناغەدا پاراستنی هاتووچۆی ئازادانەی نەوت و غازە لە گەرووی هورمز و رێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی رژێمی ئێران، ڤانس وتی: "ئەگەر گەلی ئێران دەیانەوێت راپەرن و حکومەتەکەیان بگۆڕن، ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام ئێمە 150,000 سەربازی زەمینی نانێرین بۆ ئەوەی گۆڕینی رژێمێک بەدیبهێنین، مەگەر ئەوەی خەڵکەکە لەسەر زەوی خۆیان بییانەوێت ئەو ئەنجامە بەدیبهێنن"، جەختیشی کردەوە کە سوپای ئەمریکا چیتر ئەرکی گۆڕینی دەسەڵاتەکان بۆ گەلانی تر جێبەجێ ناکات.
ئەم وتانەی جەی دی ڤانس لەکاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە تاران و رایگەیاند، ئێران زۆر بەمزووانە تێکدەشکێندرێت، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران بە توندی خوازیاری رێککەوتنە لەگەڵ واشنتۆن، بەڵام سەبارەت بە دیاریکردنی کات بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە وتی: "حەزم بە دیاریکردنی کاتی دیاریکراو نییە، بەڵام باشترە بۆیان بە باشی رەفتار بکەن".
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە شەپۆلی دووەمی هێرشە ئاراستەکراوەکانیان بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان ئەو توانا سەربازییانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاردەهێنرێن. سوپای ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوانە یاسایین و لەسەر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان بووە، بە مەبەستی لێپرسینەوە لە تاران.
AM:09:21:16/07/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت