قەتەر داوا لە ئێران دەکات پابەندی بڕیاری 2817ی ئەنجومەنی ئاسایش بێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەممووزی 2026، دەوڵەتی قەتەر هەڵوێستی فەرمی خۆی دەربارەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە راگەیاند و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەریەکە لە ئیمارات و سعوودیەی کرد.


وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی 2 تانکەری نەوتی ئیماراتی لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا دەکەن، قەتەر ئەم کارەی بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەلامەتی دەریاوانی نێودەوڵەتی و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی دابینکردنی وزەی جیهانی وەسف کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دەوحە داواکارییەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نوێ کردەوە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی هەر کردارێک کە زیان بە ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنێت، هەروەها داوای پابەندبوونی تەواوی بە رێساکانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 2817 کرد.

لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی قەتەر سەرکۆنەی هێرشی گرووپی حوسییەکانی کرد کە بە مووشەکی بالیستی ناوچەی باشووری شانشینی عەرەبستانی سعوودییان کردبووە ئامانج، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەروەریی شانشینەکە و سەلامەتی خاکەکەی، و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

قەتەر هاوسۆزی و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ سعوودیە دووپات کردەوە و رایگەیاند، پشتگیری هەموو ئەو رێکارانە دەکەن کە سعوودیە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی خاکەکەی و پاراستنی هاووڵاتییانی دەیانگرێتە بەر.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوامی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە گوزارشتە لە پەرەسەندنێکی مەترسیدار کە هەموو ئەو هەوڵانە لەبار دەبات کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەییە.


PM:12:01:14/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت