ئێران ئامانجەکانی لە بەحرەین پێکا و ئوردنیش مووشەکەکانی تاران دەخاتە خوارەوە


وێستگەنیوز-

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2026، ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی پەرەسەندنێکی سەربازیی بێوێنە بووەوە، کە تێیدا ئێران، ئیمارات، بەحرەین، ئوردن و هێزەکانی ئەمریکا تێوەگلاون.


وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەردوو کەشتیی نەوتهەڵگری (مۆمباسا و باهیە) لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز و لە ناو ئاوەکانی عومان، رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی کرووزی ئێران بوونەتەوە، بەهۆی هێرشەکەوە دەریاوانێکی هیندی کوژراوە و 8 دەریاوانی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستی 4یان ناجێگیرە، ئیمارات بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و جەختی لە مافی وەڵامدانەوەی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە.

هاوکات میدیا نێوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی بەندەر عەباس، جەم، کیش و قشم بیستراوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتڕاستی کردەوە، کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ قۆناغێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە و ئامانجیان ئەو بنکە سەربازییانەیە کە درۆن و سەکۆی مووشەکییان تێدایە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە ئەو توانایانەی ئێران دەکەینە ئامانج کە پەیوەندییان بە گەرووی هورمزەوە هەیە"، ترەمپ هۆشداریشی دا کە لە هێرشەکانی داهاتوودا دامەزراوە ئەتۆمییە نوێیەکانی ئێران خاپوور دەکەن.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی بە مووشەک و درۆن کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی ستراتیژی لە بەحرەین، لەوانە کۆگاکانی پشتیوانی لۆجستی و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمریکییەکان، ئەمەش وایکرد حکومەتی بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوە لێبدات و داوا لە هاووڵاتییان بکات بچنە پەناگەکانەوە.

دوابەدوای ئەمانە سوپای ئوردن رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی 4 مووشەک کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، لە نێو خاکی ئوردندا تێکبشکێنێت و بخاتە خوارەوە، حکومەتی ئوردن ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی بنکەی سەربازی بیانی لە وڵاتەکەی دەکەن و جەختی کردەوە کە بە توندی رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبنەوە کە سەروەریی خاکەکەیان بخاتە مەترسییەوە.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک هێرشی چڕیان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز.


AM:08:54:14/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت