هێزە چەکدارەکانی یەمەن: ئارامگرتن نەما و وەڵامی بەزاندنی ئاسمانی یەمەن لەلایەن ئێران و حوسییەوە دەدەینەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026، وەزیری بەرگریی یەمەن، بەیاننامەیەکی نوێی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئێران و گروپە حوسییەکان بڵاوکردەوە و هۆشداریی توند دەداتە تاران.


لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە حکومەتی یەمەن پێشتر بە هەموو ئامرازەکان هەوڵی داوە ئێران و حوسییەکان قایل بکات بە گەڕانەوە بۆ سەر رێگەی راست و نەبەزاندنی ئاسمانی یەمەن، بەڵام ئەو هەوڵانە بێ ئەنجام بوون.

هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختیان کردووەتەوە، کە چیتر ئارامگرتن لە ئاست ئەم پێشێلکارییانە نەماوە و لەمەودوا بە توندی رووبەڕووی ئەو فڕۆکە دوژمنکارانە دەبنەوە کە ئاسمان و سەروەریی وڵات دەبەزێنن. دەشڵێن: "بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان وەڵامی هەر پێشێلکارییەک دەدەینەوە".

وەزیری بەرگریی یەمەن راشیگەیاند، یەمەن خاوەنی گەل و سەرکردایەتییەکی وایە کە بە وشکانی، دەریا و ئاسمان بەرگریی لە خاکەکەیان دەکەن، دەرئەنجامەکان هەرچییەک بن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، حکومەتی یەمەن وڵاتی ئێرانی بە بەرپرسیاری تەواوی یاسایی و ئەخلاقیی هەر پێشێلکارییەکی ئاسمانی و تێکدانی سەروەریی وڵاتەکەیان لەقەڵەم دا.


PM:01:31:13/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت