وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: تا پێشێلکاری هەبێت پابەندی هیچ رێکەوتنێک نابین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر بەدواداچوونی یاسایی بۆ خوێنی رێبەری کۆچکردووی وڵاتەکەی و قوربانیانی دیکە کردەوە.
لە سەرەتای قسەکانیدا، بەقایی سڵاوی ئاراستەی گەلی عێراق بەتایبەت دانیشتوانی شارەکانی نەجەف و کەربەلا کرد، کە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی رێبەری وڵاتەکەیدا هاوسۆزییان نیشان داوە، وتیشی: "ئەم هاوسۆزییە نیشانی دا کە پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوانمان لە سنوورەکان تێدەپەڕێت، سڵاو بۆ نەتەوەی ئێران کە سەربەرزانە بەرامبەر برینەکان وەستاوە".
سەبارەت بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و ئەو هاونیشتمانییانەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا شەهید بوون، بەقایی وتی: "بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و خوێنخوازیی رێبەری شەهید، ئەسڵێکی جدی و داواکارییەکی گشتییە، وەزارەتی دەرەوە هەموو ئامرازە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەم تاوانانە بەکاردەهێنێت".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هێرشی کردە سەر ئەو لایەنانەی کە بە بکوژی ئێرانییەکان ناوی بردن و وتی: "ئەوانەی هەزاران کەسیان لێ کوشتووین، ئێستا پۆزی مەزڵوومییەت لێدەدەن، بەڵام جیهان هەڵناخەڵەتێت و بکوژبوونی ئەوانی لەبیر ناچێتەوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەکان کرد و رایگەیاند، ئەمریکا پشوو درێژ نەبووە و کاری بە لێکتێگەیشتنەکان نەکردووە، بۆیە هیچ کەس ناتوانێت ئێران بە شکاندنی رێکەوتنەکان تۆمەتبار بکات، جەختیشی کردەوە کە "تاکو پێشێلکارییەکان بەردەوام بن، ئێمەش پابەندی هیچ رێکەوتنێک نابین".
AM:10:46:13/07/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت