بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە؛ هاتوچۆی تانکەرەکان لە گەرووی هورمز گەیشتە نزمترین ئاست
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە 13ی تەمووزی 2026، ئاژانسی رویتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە بەهۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە، جوڵەی تانکەرە نەوتەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەپێی داتاکانی دەزگای "کێپلەر" بۆ گواستنەوەی دەریایی، رۆژی یەکشەممە تەنها 6 کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەمەش وەک نزمترین ژمارە لە ماوەی 5 هەفتەی رابردوودا هەژمار دەکرێت. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستپێکردنەوەی هێرشە دوولایەنەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسییە ئەمنییەکانی بۆ سەر رێڕەوە ئاوییەکان زیاتر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی داتاکاندا هاتووە، تانکەری زەبەلاحی "هیومانیتی" کە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی هەڵگرتبوو، لەگەڵ تانکەری "کاپتن ئەندریاس" کە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتی کوەیتی بارکردبوو، لەو کەشتییانە بوون کە لەو ماوەیەدا گەرووەکەیان تێپەڕاندووە و جێیان هێشتووە.
ئەم پاشەکشە گەورەیە لە جوڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کاتێکدایە، کە گەرووی هورمز یەکێکە لە ستراتیجیترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.
AM:10:26:13/07/2026
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت