سوپای پاسداران: بەردەوامیی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز کارەساتی لێدەکەوێتەوە


وێستگەنیوز-

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، تەنها رێگە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، کۆتاییهێنانە بە دەستوەردانەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە، کە پێویستە رێز لە سەروەریی تەواوی ئەو وڵاتانە بگیرێت کە دەکەونە سەر گەرووی هورمز، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوامبوونی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی رووداوی گەورەتر لە کەرتی نەوت و غازی جیهانیدا و مەترسی بۆ سەر ئەو کەرتە دروست دەکات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە کە ئەمریکییەکان پەمپێکی ئاوی کشتوکاڵییان لە شاری مەهشهەر لە باشووری رۆژئاوای ئێران کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە کە هێزە دەریاییەکانیان ژێرخانەکانی سوپای ئەمریکایان لە ناوچەی جوفەیر لە وڵاتی بەحرەین کردووەتە ئامانج، هاوکات بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر سیستەمی راداری لە سوڵتانییەتی عومان و پێکاوویانە.


AM:08:52:13/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت