کوەیت بەرپەرچی هێرشی ئاسمانی دەداتەوە و سعودیە و ئیمارات هۆشداری دەدەن
وێستگەنیوز-
لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەمووزی 2026، دۆخی ئەمنی لە ناوچەی کەنداو و دەوروبەری رووی لە ئاڵۆزیی زیاتر کردووە، سوپای کوەیت بەرپەرچدانەوەی چەند ئامانجێکی ئاسمانی موشەکەکانی ئێرانی راگەیاند، هاوکات لە وڵاتی بەحرەینیش بۆ چەندین جار زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوەتەوە.
لە کەناراوەکانی وڵاتی عومان، هێرش کرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی و بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، توانراوە 10 لە هاوڵاتییانیان رزگار بکرێن، بەڵام هاوڵاتییەکی دیکەیان بێسەروشوێن بووە، لای خۆشییەوە دەستەی فریاکەوتن و قەیرانەکانی ئیمارات رایگەیاند، بارودۆخەکە جێگیرە و چاودێری دۆخەکە دەکەن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو هەڕەشە مووشەکییانەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ بینراون، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیمارات بوون.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد و بە "تاوانکاری و پەرەسەندنێکی مەترسیدار" ناوی برد، راشیگەیاند کە تاران پێداگری لەسەر رێچکەیەکی دوژمنکارانە دەکات کە ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
هاوکات، شانشینی سعودیە هەڵوێستی توندی خۆی نیشاندا و سەرکۆنەی رەفتارەکانی ئێرانی کرد، ریاز رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپی دراوسێیەتی باش، بەتایبەت لە رێگەی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ئازادی کەشتیوانی. سعودیە نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە بەیانی ئەمڕۆ کراونەتە سەر وڵاتانی کوەیت، قەتەر، بەحرەین، ئیمارات، عومان و ئوردن.
AM:11:49:12/07/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت