ئەمریکا تیمێکی تایبەت دەنێرێتە لوبنان و هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دروست دەکات


وێستگەنیوز-

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی میکانیزمێکی نوێی سەربازی لە ناوچەکە دەستپێکردووە و تیمێکی تایبەتیش رەوانەی لوبنان دەکات.


بەپێی زانیارییەکان، واشنتۆن کار دەکات بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی هەماهەنگیی سەربازی کە هەریەکە لە لوبنان، ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لەخۆ دەگرێت، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی رێکخستنی کاروباری سەربازی و ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکان دێت.

هاوکات بڕیاردراوە تیمێکی تایبەتی ئەمریکی رەوانەی لوبنان بکرێت کە لە شارەزایانی بواری ئەندازیاری و رووپێوی جوگرافی پێکدێن، ئەرکی ئەم تیمە بە تەواوەتی لۆجستی دەبێت نەک شەڕکەر، و ئامانجیان پێشکەشکردنی پاڵپشتییە بۆ سوپای لوبنان لەو ناوچانەی کە ئەرکی ئەمنییان تێدا دەسپێردرێت.

یەکێکی دیکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی تیمە ئەمریکییەکە، چاودێریکردن و دڵنیابوونەوەیە لە چۆڵبوونی ئەو ناوچانەی سوپای لوبنان وەریان دەگرێت لە چەکدار و هێزەکانی حزبوڵڵا، تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە هیچ چالاکییەکی سەربازیی رێکنەخراو لەو ناوچانەدا بوونی نییە.

ئەم هەنگاوەی واشنتۆن لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەهێزکردنی رۆڵی سوپای نیشتمانیی لوبنان و جێگیرکردنی ئارامی لە سنوورەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەردەوامن.


PM:10:38:11/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت