واشنتۆن مۆڵەتێکی کۆتایی دەداتە تاران
وێستگەنیوز-
لە پەرەسەندنێکی توند و مەترسیداردا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی 24 کاتژمێری دەداتە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، هاوکات ئیسرائیل ئامادەکارییەکان بۆ لێدانی ژێرخانی ئابووری و وزەی ئەو وڵاتە تەواو دەکات.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاشکرایان کردبوو، مۆڵەتی تا رۆژی ئەم شەممەیە 11ی تەمووز دەداتە تاران تاوەکو بەیاننامەیەکی فەرمی دەربکات و تێیدا رابگەیەنێت کە گەرووی هورمز بە تەواوەتی کراوەیە و چیتر کەشتییە بازرگانییەکان ناکاتە ئامانج، بەرپرسێکی ئەمریکی هۆشداری دا و وتی: "ئەگەر ئێران ئەو بەیاننامەیە دەرنەکات، رۆژێکی خۆشی نابێت".
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی تونددا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاندبوو، 1000 مووشەک ئاراستەی ئێران کراون و ئامادەی هەڵدانن، ئەگەر تاران هەوڵی تیرۆرکردنی بدات، ئەوا دەستبەجێ هەزاران مووشەکی دیکەیان بەدوادا دێت.
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، رادەستکردنی ماددە ئەتۆمییەکانە کە بە "تۆزی ئەتۆمی" ناویان بردووە، بەرپرسێکی ئەمریکی جەختی کردەوە: "ئەگەر ئەو تۆزەمان دەست نەکەوێت، هیچ رێککەوتنێکمان نابێت"، هاوکات، واشنتۆن سزا ئابوورییەکانی سەر نەوتی ئێرانی گەڕاندەوە و تۆڕێکی دارایی پەیوەندیدار بە موجتەبا خامنەیی کردە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "مەعاریڤ"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل پلانی سەربازی بۆ لێدانی ژێرخانە گرنگەکانی ئێران وەک نەوت، گاز، کارەبا و پیشەسازی تەواو کردووە، بەتایبەتی دوورگەی خارک، بە مەبەستی زیادکردنی فشاری ئابووری لەسەر تاران.
لەم نێوەندەدا عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت تەنها رێگە، پابەندبوونی هەردوو لایە بە بەڵێنەکانیان، بەڵام سەرچاوە ئێرانییەکان دەڵێن تا ئەمریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیدا نەکات دانوستان نابێت، واشنتۆنیش ململانێی ناوخۆیی دەسەڵات لە تاران بە هۆکاری تێکچوونی ئاگربەست دەزانێت.
PM:06:05:11/07/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت