دمیتری پێسکۆڤ: رووسیا لە کاتی مەترسی لەسەر بوونی، چەکی ئەتۆمی بەکاردێنێت
وێستگەنیوز-
لە پەرەسەندنێکی نوێ و توندی لێدوانە سیاسییەکاندا، وتەبێژی کۆشکی کرێملین هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات و رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئێستا لەناو جەنگێکی گشتگیردایە نەک تەنها ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی.
دمیتری پێسکۆڤ، سکرتێری رۆژنامەوانیی کرێملین، لە لێدوانێکی راشکاوانەدا هۆشداری دا و رایگەیاند، فیدراسیۆنی رووسیا ئامادەیە جبەخانە ئەتۆمییەکەی بەکاربهێنێت ئەگەر هەست بەوە بکرێت کە مەترسییەکی رژد لەسەر بوونی دەوڵەتی رووسیا دروست بووە.
پێسکۆڤ لە لێدوانەکەیدا مۆسکۆی وەک هێزێکی بەرپرسیار و خۆڕاگر وێنا کرد و ئاماژەی بەوە دا، رووسیا زۆر لەوە گەورەترە کە ببێتە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم، هاوکات رەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی کە "مێشکی باجدەرانی ئەوروپی دەشۆنەوە" بەوەی رووسیا وەک مەترسییەکی بنەڕەتی بۆ سەر کیشوەرەکە نیشان دەدەن، لە کاتێکدا ئەو دەڵێت رووسیا هیچ مەترسییەک نییە بۆ سەر ئەوروپا.
لە لایەکی دیکەوە، وتەبێژی کرێملین وەرچەرخانێکی گەورەی لە بەکارهێنانی زاراوە سەربازییەکاندا راگەیاند و ئاشکرای کرد، ئەوەی ئێستا روودەدات لە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردارەوە گۆڕاوە بۆ "جەنگێکی گشتگیر".
پێسکۆڤ جەختی کردەوە، رووسیا ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ و راشکاوانەدایە لەگەڵ هاوپەیمانییەکی یەکگرتوو کە لە ئۆکرانیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا پێکهاتووە، ئاماژەی بەوەش کرد، رەوانەکردنی ملیۆنان تۆن چەکی پێشکەوتوو بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە لایەن رۆژئاواوە، وایکردووە مۆسکۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە وەک جەنگێکی تەواو بکات.
PM:04:55:11/07/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت