عەلی زەیدی: هێزی عێراق لە فرەیی و یەکگرتوویی گەلەکەیدایە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 11ی تەمووزی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، حکومەتەکەی گەڕانەوەی ئەو مەسیحییانەی لە ساڵانی رابردوودا عێراقیان جێهێشتووە، وەک یەکێک لە لەپێشینە نیشتمانییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکات و ئامادەیی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەیان.
عەلی زەیدی پێشوازی لە پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێکی یاوەری کرد، کە پێکهاتبوون لە مەتران بەشار مەتتی وەردە، سەرۆکی ئەساقەفەی ئەپەرشیەی هەولێری کلدانی و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هێزی عێراق لە فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و فەرهەنگییەکەیدایە و ئەمەش پتەوییەکی زیاتر بە کۆمەڵگە دەبەخشێت، ئاماژەی بەوەش کرد، مەسیحییەکان پێکهاتەیەکی رەسەن و هاوبەشێکی سەرەکین لە بونیادنانی دەوڵەت و مێژووی عێراقدا.
سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی حکومەت، زەیدی ئاشکرای کرد، دەوڵەت جۆرە جیاوازەکانی پاڵپشتی پێشکەش بە خێزانە مەسیحییە گەڕاوەکان دەکات، لەوانەش گرتنەوەیان لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (ملیۆن پارچە زەوی)، وتیشی: "حکومەت بەردەوامە لە چەسپاندنی سەقامگیری و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی هەموو عێراقییەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".
هاوکات، سەرۆک وەزیران داوای لە پیاوانی کار و وەبەرهێنەرە مەسیحییەکان لە دەرەوەی وڵات کرد، بگەڕێنەوە و بەشداری لە پڕۆژەکانی گەشەپێداندا بکەن، بەتایبەت لە هەردوو کەرتی تەندروستی و پەروەردە، بەڵێنیشیدا حکومەت ژینگەیەکی گونجاو بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانیان و رەخساندنی دەرفەتی کار دابین بکات.
لای خۆیەوە، پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، سوپاسی بایەخ و پاڵپشتییەکانی سەرۆک وەزیرانی کرد و رایگەیاند، ئەم رێکارانە پەیامێکی دڵنیایی گرنگن بۆ مەسیحییەکانی هەندەران و هاندەرێکی گەورەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان، هەروەها ئامادەیی وەبەرهێنەرانی مەسیحیشی نیشاندا بۆ بەشداریکردنی کارا لە بونیادنانی وڵاتدا.
PM:04:31:11/07/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت