ترەمپ: تاران داوای گفتوگۆ دەکات بەڵام ئاگربەست کۆتایی هاتووە
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی توند ئاراستەی تاران دەکات و رایدەگەیەنێت، هەرچەندە رەزامەندییان نیشانداوە بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان، بەڵام ئاگربەستی نێوانیان بە فەرمی کۆتایی هاتووە.
ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمموزی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس بڵاویکردەوە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لێکردووین بەردەوام بین لە وتووێژەکان، ئێمە رەزامەندیمان نیشانداوە، بەڵام ئەمریکا بە روونی و بێ هیچ گومانێک پێی راگەیاندوون کە ئاگربەستەکە کۆتایی هاتووە".
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئاستی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بە جۆرێک هەردوولا هێرشی راستەوخۆیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکدی لە ناوچەکەدا.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن دەیەوێت لە رێگەی فشارە سەربازییەکان و رەتکردنەوەی ئاگربەستەوە، لە پێگەیەکی بەهێزترەوە بچێتە ناو هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ تاراندا، بە جۆرێک کە هێرشەکان لە هەر کاتێکدا بە گونجاو بزانرێت ئەنجام دەدرێن.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە گۆڕینی سیاسەتی وڵاتەکەی کردووە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیتر قۆناغی "نەرمی نواندن" کۆتایی هاتووە.
دوابەدوای ئەو پەیامانە، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاند، "تاران ساڵانێکە دەیەوێت من بکوژێت"، ئەوەشی خستەروو، بۆ ماوەیەکی درێژ ژمارە 1 بووە لە لیستی تیرۆرکردنەکانی ئێراندا.
بۆ ئەم مەبەستەش ترەمپ وتی: "رێنماییم جێهێشتووە بۆ لێدانی ئێران بە ئاستێک کە وێنەی نەبێت ئەگەر لە تیرۆرکردنمدا سەرکەوتوو بن".
PM:06:06:10/07/2026
ئهم بابهته 380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت