هاکان فیدان: ناتانیاهۆ پێش هەر هەڵبژاردنێک دوژمنێکی نوێ بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک دروست دەکات


وێستگەنیوز-

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا هێرشی توند دەکاتە سەر سیاسەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و رایگەیاند، ناتانیاهۆ هەرکاتێک هەڵبژاردنەکانی لێ نزیک بێتەوە، پەنا بۆ دروستکردنی دوژمنێکی نوێ دەبات بۆ ئەوەی سۆزی خەڵکی بۆ خۆی رابکێشێت.


فیدان ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ناتانیاهۆ شەڕی دژی حەماس و حزبوڵڵا و ئێران بەرپاکرد، ئێستا دەیەوێت تورکیا وەک دوژمنێکی نوێ نیشان بدات، لە کاتێکدا هیچ هۆکارێکی رەوا نییە بۆ روودانی رووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا لە نێوان هەردوو وڵاتدا، وتیشی: "لە ناو ئیسرائیلدا هێشتا کەسانی ژیر و میانڕەو هەن و هەمووان وەک ناتانیاهۆ و تیمەکەی بیر ناکەنەوە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل نەک تەنها بۆ ناوچەکە، بەڵکو بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئابووری جیهانیش بووەتە هەڕەشە و بارگرانییەکی گەورە، راشیگەیاند کە پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لەم راستییە تێگەیشتبێت.

سەبارەت بە دۆخی سوریا، فیدان وتی: "سوریا لە ئاراستەیەکی راستدا بەرەو سەقامگیری هەنگاو دەنێت، بەڵام مەترسیی گەورە لەسەر ئەو وڵاتە سیاسەتەکانی ئیسرائیلە، چونکە گومانمان هەیە ئیسرائیل بیەوێت سوریایەکی بەهێز و گەشەسەندوو ببینێت".

لە تەوەرێکی دیکەی هەواڵەکاندا، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە کە تورکیا هەنگاوێکی کتوپڕ و ستراتیژی ناوە و رێکارەکانی فرۆشتنی سیستمی بەرگریی "ئێس-400"ی روسی بە دەوڵەتێکی کەنداو کۆتایی پێهێناوە، کە پێشبینی دەکرێت یەکێک بێت لە هەردوو وڵاتی قەتەر یان ئیمارات.

ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاڵۆزییە سەربازییانە دەبینرێت کە لەگەڵ واشنتۆن هەیبووە، تاوەکو رێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆژەی فڕۆکە جەنگییەکانی "ئێف-35" و بەدەستهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە لە ئەمریکا، چاوەڕوانیش دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا رێکارەکان بە فەرمی رابگەیەنرێن.


PM:05:30:10/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت