رووسیا و چین پلان بۆ لێدانی "ستارلینک" و پەرەپێدانی چەکی هاوبەش دادەنێن
وێستگەنیوز-
بەڵگەنامە نوێیە دزەپێکراوەکان ئاستی راستەقینەی هاوکاریی سەربازیی نێوان رووسیا و چین ئاشکرا دەکەن، کە زۆر لەوە قووڵتر و فراوانترە کە لایەنی چینی بە رەسمی دانی پێدا دەنێت، بەپێی راپۆرتەکان، هەردوو وڵاتەکە خەریکی داڕشتنی نەخشەوپلانی ستراتیژین بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونی جەنگ و تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو.
بەپێی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم هاوکارییە بریتییە لە مەشقپێکردنی ئۆپەراتۆرە درۆنەکانی رووسیا لە ناو خاکی چیندا، لەگەڵ تاووتوێکردنی پڕۆژەی چەکی هاوبەش، هەروەها مۆسکۆ کار دەکات بۆ گواستنەوەی تەواوی ئەو وانە و ئەزموونانەی لە گۆڕەپانی جەنگی ئۆکرانیاوە بەدەستی هێناون بۆ لایەنی چینی.
بەشێکی تری گرنگی ئەم هاوکارییە، کارکردنە لەسەر پەرەپێدانی رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕی مانگی دەستکردی "ستارلینک"، پلانەکان خۆیان لە شێواندنی شەپۆلەکان، هێرشی ئەلیکترۆنی و تەنانەت ئەگەری هێرشکردنە سەر مانگە دەستکردەکان دەبیننەوە، بە ئامانجی پەکخستنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ستارلینک لە کاتی جەنگەکاندا پێشکەشیان دەکات.
هاوکات، رووسیا و چین سەرقاڵی دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی زۆر پێشکەوتوون، ئامانجی ئەم سیستەمە بەرپەرچدانەوەی مووشەکە "هایپەرسۆنیک" و بالیستییەکانە، کە بە هەمان ستایلی مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا دیزاین دەکرێن.
ئەم هاوکارییە وەک جۆرێک لە تەواوکاریی سەربازی وەسف دەکرێت؛ بەو پێیەی رووسیا خاوەنی ئەزموونێکی گەورەی جەنگی راستەقینەیە لە مەیداندا، چینیش لە بەرامبەردا کەرەستە ئەلیکترۆنییەکان، توانای بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای پێویست بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییە سەربازییەکان دابین دەکات.
PM:04:50:10/07/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت