جۆزێف عۆن: فشاری ئەمریکا لەسەر ئیسرائیل بۆ لابردنی کۆسپەکان، هەلێکی زێڕینە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووزی 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بژاردەی شەڕ بێسوودیی خۆی سەلماندووە و تەنها بووەتە هۆی وێرانکاری، بۆیە لە ئێستادا دانوستان بە گەرەنتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشترین بژاردەیە و "رێککەوتنی چوارچێوە" بە گونجاوترین رێگە بۆ ئەم قۆناغە دەبینێت.
سەرۆکی لوبنان ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجەکانی دەوڵەتی لوبنان و حزبوڵڵا سەبارەت بە پرسی کشانەوەی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی ئەسیر و تەرمەکان یەکن، بەڵام ناکۆکییەکە لەئامرازەکاندایە، چونکە شەڕ زیانی گەورەی داوە و رێگەی دیپلۆماسی و رێککەوتنی چوارچێوە دەتوانێت مافەکان بگەڕێنێتەوە، بە مەرجێک ئیسرائیل پابەندی بڕگەکان بێت.
سەبارەت بە دۆسیەی چەکی حزبوڵڵا، جۆزێف عۆن پێیوایە چارەسەرەکە بە هێز نابێت، بەڵکو دەبێت کار لەسەر گۆڕینی ئەو ژینگەیە بکرێت کە 40 ساڵە دروستبووە، راشیگەیاند، کێشەکان کاتێک بەرەو چارەسەر دەچن کە بڕیاری حزبوڵڵا ببێتە بڕیارێکی لوبنانی و بە ئێرانەوە بەستراو نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جۆزێف عۆن وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە لەسەر دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل ئاراستەی دەکرێن و وتی: "ئەم رەخنانە شایەنی وەڵامدانەوە نین، چونکە لوبنان لە ساڵی 1949وە چەندین جار چووەتە ناو دانوستانی هاوشێوەوە،"جەختیشی کردەوە کە پاشەکشە لە بڕیاری دانوستان ناکات و رێگەکەش بەهۆی هاوسەنگیی هێزەکان و دۆخی ئێران و ئەمریکاوە تەخت نییە، بەڵام پێویستە لوبنان لە شوێنەوارەکانی شەڕێک کە بەسەریدا سەپێنراوە، رزگار بکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی لوبنان گەشبینی خۆی نیشاندا کە لە هەفتەی داهاتوودا هەنگاوی پۆزەتیڤ بنرێت، ئەوەش پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هەلێکی زێڕین لەبەردەستە بەهۆی جۆش و خرۆشی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ لابردنی کۆسپەکان.
PM:04:23:10/07/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت