چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ناديار له باشووری ئێران روویاندا
وێستگه‌نیوز –
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه میدیاكانی ئێران هه‌واڵی بیستنی سێ ته‌قینه‌وه‌یان له شاری كناركی كه‌ناراوه‌كانی پارێزگای سیستان و به‌لووچستان له باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران راگه‌یاند. هاوكات ته‌له‌فزیۆنی ره‌سمی ئێران هه‌واڵی ته‌قینه‌وه‌كانی چه‌ند شار و به‌نده‌رێكی دیكه‌ی ره‌تكرده‌وه.
ئاژانسی میهرنیوزی نیمچه فه‌رمیی ئێرانی بڵاویكرده‌وه، ده‌نگی سێ ته‌قینه‌وه له كنارك بیستراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هۆكاره‌كه‌یان و قه‌باره‌ی زیانه‌كان بڵاوبكاته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا ته‌له‌فزیۆنی ره‌سمی ئێران رایگه‌یاند كه "به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك هه‌واڵی بڵاوكراوه، تا ئێستا هه‌واڵ له‌سه‌ر هیچ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له به‌نده‌ر عه‌باس، قشم، سیریك، یان جاسك نه‌دراوه".
لای خۆیه‌وه تۆڕی هه‌واڵی CNN له زاری به‌رپرسێكی ئه‌مریكییه‌وه بڵاویكرده‌وه، سوپای ئه‌مریكا "له ئێستادا هیچ هێرشێك ئه‌نجام نادات"، ئه‌مه‌ش دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ته‌قینه‌وه‌كان.
كنارك به‌نده‌رێكی ستراتیژییه له كه‌ناراوه‌كانی مه‌كران كه به‌سه‌ر كه‌نداوی عوماندا ده‌ڕوانێت و ده‌كه‌وێته پارێزگای سیستان و به‌لوچستان له باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێگه‌ی ئه‌كسیۆس له زاری به‌رپرسێكی ئه‌مریكییه‌وه بڵاویكرده‌وه كه شه‌وی رابردوو هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا دوو پردی هێڵی ئاسنینیان له ناوخۆی ئێران بۆردومانكردووه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ فراوانكردنی ئامانجه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ژێرخانی گواستنه‌وه بگرێته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌ی ئازادی چابه‌هار رایگه‌یاند كه تاوه‌ری كۆنترۆڵی هاتووچۆی ده‌ریایی له چابه‌هار له ئه‌نجامی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریكا زیانی به‌ركه‌وتووه.
PM:11:27:09/07/2026
ئه‌م بابه‌ته 180
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت