جۆزێف عۆن و باڵیۆزی ئەمریکا پرسی راگرتنی شەڕ و سەردانەکەی واشنتۆن تاوتوێ دەکەن
وێستگە نیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەمووزی 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە بەیروت پێشوازی لە میشال عیسا، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و تیشکیان خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە لوبنان و ناوچەکە، لە سەرووشیانەوە سەردانە فەرمییەکەی جۆزێف عۆن بۆ واشنتۆن لەسەر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپ.
لە دیدارەکەدا، جۆزێف عۆن جەختی لە پێویستی چەسپاندنی راگرتنی تەقە لە باشووری لوبنان کردەوە و داوای کرد گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی کارە سەربازییەکانی و پابەندبوون بەو رەشنووسەی کە لە ئەنجامی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی (لوبنانی-ئەمریکی-ئیسرائیلی) لە واشنتۆن ئامادە کراوە، هەروەها داوای راگرتنی دەستبەجێی بۆردومان و کارەکانی تەقاندنەوە و راوەماڵکردنی کرد کە لەو شارۆچکە و گوندانە ئەنجام دەدرێن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون.
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆز میشال عیسا روونی کردەوە کە سەردانی داهاتووی سەرۆکی لوبنان بۆ ئەمریکا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و نیشانەی بایەخپێدانی دۆناڵد ترەمپە بە دۆخی لوبنان و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی گەلی لوبنان و بەدیهێنانی ئاسایش.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی رۆما لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە گواستنەوەی شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ پایتەختی ئیتاڵیا تەنها هۆکاری تەکنیکی و ئاسانکاریی هاتوچۆیە، وتیشی: "کۆبوونەوەی رۆما تەواکەری رێککەوتنی واشنتۆنە و تایبەت دەبێت بە پێکهێنانی تیمی کاری پسپۆڕ بۆ جێبەجێکردنی خاڵە یاسایی و تەکنیکییەکان."
دەربارەی دەستپێکردنی کار لە ناوچە تاقیکارییەکان کە لە دانوستانەکاندا دیاری کرابوون، باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئامادەکارییەکان بەردەوامن و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی سەربازیی ئەمریکی بگاتە بەیروت، ئامانجی ئەم شاندە هەماهەنگی و دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنە لە مەیداندا، بۆ ئەوەی لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانە هیچ بۆشاییەک دروست نەبێت، کاتی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانەکەش دوای کۆبوونەوە هەماهەنگییەکان لەسەر زەوی دیاری دەکرێت.
AM:10:55:09/07/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت