ترەمپ: زۆر لە ناتۆ توڕەم


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەمووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی کراوەدا لەگەڵ مارک روتە، سکرتێری گشتی ناتۆ زنجیرەیەک رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانەکانی کرد و چەندین دۆسیەی سیاسی و بازرگانی ورووژاند.


ترەمپ رایگەیاند، "من زۆر لە ناتۆ توڕەم، چونکە هیچ کەسێک وەک ئەمریکا پارەی بۆ ئەو رێکخراوە خەرج نەکردووە، ئێمە ناتۆ دەپارێزین بەڵام ئەوان پشتمان ناگرن"، سەرەڕای رەخنەکانی، ترەمپ وەسفی مارک روتەی کرد و وتی: "ناتۆ بەبەختە سەرکردەیەکی وەکو روتەیان هەیە، ئەو لە من تێدەگات".

سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی نیشاندا و ئاشکرای کرد کە بەریتانیا نەیویستووە یارمەتییان بدات و ئیتاڵیاش کارێکی زۆر خراپی لەگەڵ کردوون، هەروەها هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی مەدرید کرد و وتی: "پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئیسپانیا دەپچڕێنم".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە دوورگەی گرینلاند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ناوچەیە بۆ ئەمریکا زۆر گرنگترە وەک لەوەی بۆ دانیمارک گرنگ بێت، وتیشی: "پێشتر دەستمان بەسەردا گرتبوو، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی گەمژانە دامانەوە".

سەبارەت بە گرژییەکانی لەگەڵ تاران، ترەمپ وتی: "کاتێکی زۆرمان لەگەڵ ئێران بەهەدەر دا، ئێرانییەکان کەسانی دڵرەق و سەرشێتن، ئەگەر چەکی ئەتۆمیان هەبێت بەکاری دەهێنن، بۆیە دەبێت تەنها خەون بە هەبوونی ئەو چەکەوە ببینن"، لە بارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیلیشەوە تەنها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەردۆغان کەیفی بە ناتانیاهۆ نایەت.


AM:11:37:08/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت